لە کۆبوونەوەی «دەەی سەرکەوتوویی فێرکاری» لە زانکۆی کوردستان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زانست و فێرکاری لە خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی، پێگەی مامۆستایان و پێویستیی گرنگیدان بە ئەخلاقی فێرکاری و گەشەپێدانی مرۆیی کرایەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا.
مامۆستایانی زانکۆ لە پلەی یەکەمی سەرمایەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدان
بەرپرسی نووسینگەی نوێنەرایەتی ڕێبەری لە زانکۆکانی پارێزگای کوردستان بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئەندێشە و پێگەی مامۆستایانی زانکۆ وتی: "ئەمڕۆ بەپێی ڕاپرسییەکان، مامۆستایانی زانکۆ لە نێوان ١٠٠ پیشەی شەریفی کۆمەڵگەدا، لە پلەی یەکەمی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدان."
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ حوجەتولئیسلام حاتەمی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ (٥ی ئایار) لە کۆبوونەوەی سەرکەوتوویی فێرکاری کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان و ئەندامانی دەستەی زانستی لە هۆڵی مەولەویی ئەم زانکۆیە بەڕێوەچوو، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی مامۆستا، چوار بابەتی ئەندێشە، بیرکردنەوە، ئەندێشەکان و بیرمەندانی بە گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند: "ئیسلام پێگەیەکی تایبەتی بۆ بیرکردنەوە داناوە و کاژێرێک بیرکردنەوە بە بەرزتر لە ٧٠ ساڵ عیبادەت دەزانێت، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە مرۆڤەکان دەتوانن بە بیرکردنەوە ڕێڕەوی دروستی خۆیان دەستنیشان بکەن و لە لایەنی دروستی مێژوودا بوەستن."
ناوبراو زیادی کرد: "ئەو مامۆستایانەی کە لەبری گواستنەوەی تەنیا ئەندێشەکان، بیرکردنەوە بە خوێندکارانیان فێر دەکەن، شایەنی دەستخۆشی و سوپاسگوزارین."
زانست، دەسەڵات و هەژموون دەخوڵقێنێت
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا حوجەتولئیسلام عابدین ڕۆستەمی، بەرپرسی نوێنەرایەتی ڕێبەری لە زانکۆی کوردستان بە پیرۆزبایی هەفتەی مامۆستا، سوپاسی هەوڵەکانی مامۆستایان و ڕۆشنبیرانی زانکۆی کرد.
حوجەتولئیسلام ڕۆستەمی لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە پێگەی زانست لە کۆمەڵگەدا وتی: "هەروەک ئەمیرولموئمنین عەلی (ع) دەفەرموێت: 'العلم سلطان' بەو مانایەی کە زانست، دەسەڵات و هەژموون دەهێنێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین کە لە بوارە جیاوازەکاندا خۆڕاگریی کۆمەڵگە و سیستەمی ئیسلامی زیادی کردووە، هەمووی مەدیونی هەوڵە زانستییەکانی مامۆستایانە."
فێرکاری لە سەرووی ئەرکە گرێبەستییەکانە
هەروەها لە درێژەی ئەم مەراسیمەدا کەیوان بڵەندھێمەتان، ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان وتی: "لە تەنیشت ئەخلاقی گرێبەستیی فێرکاری، ئەخلاقێک بە ناوی ئەخلاقی مامۆستایەتی هەیە کە لە سەرووی ئەرکەکانە و مامۆستا هەندێک جار دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارانە هەوڵ بدات کە لە بنەڕەتدا خۆی هۆکاری نەبووە."
بڵەندھێمەتان زیادی کرد: "ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە تەنیا فێرکاریی فەرمی نییە، بەڵکوو جووڵەیە بەرەو فێرکارییەکی قووڵتر و مرۆییتر؛ فێرکارییەک کە یارمەتی گەشەی گشتگیری مرۆڤ بدات."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگیی فێرکاری لە شێوەگرتنی ڕەفتاری مرۆییدا وتی: "ئەزموون نیشانی داوە ئەو منداڵانەی لە ژینگەی مرۆیی و فێرکاری دوور بوون، تەنانەت سادەترین ڕەفتارە مرۆییەکانی وەک پێکەنین یان گریانیشیان نەدەناسی؛ ئەم بابەتە نیشان دەدات فێرکاری تا چ ئاستێک لە مرۆڤسازیدا ڕۆڵی هەیە."
